بۆ ناوی فارسی شارەکەت بەکاردێنی؟

ئەگەر تۆ خۆت بە کورد دەزانی هی ئەوەیە کە لە دایک و باوکێک لەدایک بوویە کە کوردن، زمانی داییکیت کوردییە، بە کولتووری کوردی گۆش دراوی و ئەو خاک و جوگرافیایەی لێی دەژی خاکی باوباپیرانت بووە، کوردستان بووە و بە ئەگەری زۆر لە دەستپێکی شارستانییەتەوە، لە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە وچەکانی پێش تۆ لەسەر ئەو خاکە ژیاون، کشتوکاڵ و ئاژەڵداریان کردووە، بازرگانیان کردووە، بەشداری شەڕی بەرگری لەو خاک و زێدە بوونە، گیانیان داوە و گیانیان لێ سەندراوە، کۆچێندراون و گەڕاونەتەوە، ژیانی دووبارەیان پێکهێناوەتەوە و لە خراپترین حاڵەتدا، سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوونە و سارد و گەرمی ڕۆژگار، شەڕ و داگیرکاری، هەژاری و تاڵان و بگرە قڕان و هەرەوەزی مەرگیشیان دیتووە بەڵام ماون، ڕیشەیان داکوتاوە و بە لەگەڵ خۆیان، نەوە بە نەوە کولتوور، زمان و بەهاکانیان پاراستووە و گەیاندوویانەتە دەستی تۆ.

ئەوەی کە تۆ لە دراوسێکەت، لە خەڵکی شارەکەی جیرانت و بگرە پارێزگایەکیش ئەوبەرتر تێدەگەی، هەست و سۆز و مۆسیقا و شیعرت لە هەست و سۆز و زمانی هەولێر و کرماشان و سنە و ورمێ و هەروەها ئامەد و مێردین و قامیشلۆ دەچێ، هی ئەوەیە کە تۆ سەر بە هەمان نەتەوەی کە ئەوان هەن، هەمان پاشخانی مێژوویی و کولتووری و زمانیت هەیە کە ئەوان هەیانە. تەنانەت ئەگەر ئەو گرێدراوییە مێژووییە هی ئەزەل و ئەبەد و چەند هەزار ساڵ لەمەوبەریش نەبێ، خۆ ئێستا هەیە! خۆ ئەمڕۆ خۆت بە بەشێک لەو نەتەوە دەزانی کە لە کەناراوەکانی دەریای ڕەشەوە، لە دارستانە پڕ لە زەیتوونەکانی عەفرینەوە دەستپێدەکا، پێدەشتەکانی کۆبانێ و قامیشلۆ دەپێوێ، دەگاتە هەولێری کۆن و لە سلێمانی دەگیرسێتەوە و لە قەندیل و زاگرۆس سەردەکەوێ و خۆی دەگەیەنێتە جۆڵەمێرگ و بۆتان و ئامەد و داوێنی ئاگری سەربەرز و لە ورمێ و سەڵماسەوە بە درێژایی زاگرۆسی دێرین و کەڤنار دێتە سندووس و شنۆ و بۆکان و لە بانە و مەریوانەوە شۆڕدەبێتەوە تا کرماشان و ئیلام و …

بتهەوێ و نەتهەوێ تۆ ئەمڕۆ کوردی، زمانی داییکیت کوردییە، کولتووری هاوبەشی کوردیت لەگەڵ هەموو ئەو جوگرافیایە هەیە کە کوردستانی ناوە و هەر بۆیەشە کە نامۆی بە عەجەم و عەرەب و فارس و لە زمانیان تێناگەی و دەبێ بەزۆر بتبەن بۆ قوتابخانە و لەوێ فێرت بکەن خرگوش هەمان کەروێشکە و کوه هەمان کێوە و آنا دایە و گنجشک چۆلەکەیە و …

ئەزانی کە لەو دوو سێ هەزار ساڵەی دواییشدا گەلێک هەوڵ دراوە تا کولتوورەکەت بتوێننەوە، بتکەن بە عەرەب، بتکەن بە فارس و بتکەن بە تورک! ناویان گۆڕیوی، ناوی شار و گوندیان گۆڕیوی، کۆچیان پێکردووی، کوشتوویانی، زمانیان قەدەخەکردوویی، بەزۆرەملی تووشی فێربوونی زمانی تریان کردووی و … هەمووی ئەمانە لەپێناو تواندنەوەی نەژادی تۆدا کراوە، واتە ئەمە پێی دەوترێ سیاسەتی هەمەلایەن و چری تواندنەوەی زمانی، کولتووری و نەژادی تۆ، بۆ دابڕینی تۆ لەو زمانە، لەو کولتوورە کۆنە و لەو جوگرافیایە، ئەمەیە کە دەگوترێ ”ئاسیمیلیاسیۆن”. بەڵام هەوڵی ئەو ٤ دەوڵەتە سەردەستە و نەتەوەکانی هاوکار و هاومەڕامیان سەرکەوتوو نەبووە! بۆچی دەڵەی؟ چونکە تۆ خەریکی ئەو نووسراوەی من دەخوێنییەوە. و خۆتی تێدا دەبینییەوە بەڵام عەجەمەکە نایزانێ و پێی بێگانەیە!

تۆ کوردی! وەک من! هاوزمانی من، هاونیشتمانی من!

کەوایە تۆش دەبی وەک من بەرپرچی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی نەژادی ببییەوە. دەپرسی بەچی؟

هاسانە! بە پاراستنی زمانەکەت، بە پاراستنی کولتوور و داب و نەریتەکانت، بە پاراستنی جلوبەرگەکەت و نیشتمانەکەت، بە نا گوتن بە داگیرکەر، بە ناگوتن بە کولتووری داگیرکەر و بە زمانی داگیرکەر، بە بەرپرچدانەوەی داگیرکاری و چەوسانەوە، بە فێربوونی زمانی کوردی، بە داخوازی ماف، بە هەوڵدان بۆ تێکۆشان لەڕێگەی زمان و نیشتمان و نەتەوەکەتدا.

وەک هەنگاوێک، دەتوانی ناوی ئەو شار و گوندەی تێیدا دەژی وەک خۆی بەکاربهێنی.
خۆت بە کورد بزانی و بە کوردی بدوێیی.

دا تۆش شتێک بنووسە ماڵتە

close-alt close collapse comment ellipsis expand gallery heart lock menu next pinned previous reply search share star